نەخۆشی تالاسیمیا 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-17-15:13:00 - کۆدی بابەت: 5928
نەخۆشی تالاسیمیا 

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی تالاسیمیا 

یەکێکە لە نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێن، کە ئەم تێکچوونە دەردەکەوێت بەشێوەی کەمبوونەوەی پڕۆتینی هیمۆگڵۆبین "کە یەکێک لە پێکهاتەکانی خڕۆکە سوورەکانە یارمەتی دەدات لە گواستنەوەی ئۆکسجین" و خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە لەشدا، کە دەبێتە هۆی کەمخوێنی، ئەم نەخۆشییە لە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و باشوری ئاسیا و ئەفریقا بەربڵاوە، ئەم نەخۆشییە جۆر و تووندییەکەی جیاوازە.

نیشانەکانی توشبوون بە تالاسیمیا

نیشانەکانی تالاسیمیا بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بۆنمونە ئەو منداڵانەی توشی تالاسیمیای بێتا بوون، بەزۆری نیشانەکانیان تاکوو تەمەنی ٦ مانگی تێدا دەرناکەوێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی منداڵان لەو تەمەنەدا جۆرێکی هیمۆگڵۆبینیان هەیە ئەویش هیمۆگڵۆبینی کۆرپەلەیە، پاش تێپەڕبوونی ٦ مانگی هیمۆگڵۆبینی ئاسایی جێی دەگرێتەوە، هەورەها نیشانەکان دەردەکەون کە بریتین لە:

  • خێرابوونی لێدانەکانی دڵ.
  • شێوانی بونیادی کەسەکە لە دەرئەنجامی هەوڵدانی لەش بۆ دروستکردنی بڕێکی زیاتری مۆخی ئێسک
  • کەشەنگبوونی لاقەکان. 
  • زەردوویی و ڕەنگ هەڵبزڕکان (کەم ڕەنگی). 
  • خەواڵوویی و ماندووێتی. 
  • ئازاری سنگ.
  • ساربوونی دەست و پێیەکان.
  • سەرئێشە.
  • هەناسەتەنگی.
  • بەدخۆراکی.
  • دواکەوتنی گەشە.
  • سەرگێژخواردن و لەهۆشخۆچوون.
  • ئەگەری زیاتری میکرۆب تێدان. 

جۆرەکانی تالاسیمیا

نەخۆشی تالاسیمیا چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە، جۆرە سەرەکییەکانیشی بریتین لە: تالاسیمیای ئەلفا و بیتا و تالاسیمیای لاوەکی، جگە لە چەند جۆرێکی تری لاوەکیش، کە لە نیشانە و تووندییەکانی جیاوازن، گرنگترین جۆرەکانیش بریتین لە:

  • تەلاسیمیای بێتا: بۆ دروستکردنی بێتا گلۆبین، مرۆڤ دوو جینی بۆماوەی بۆ دەمێنێتەوە، یەکێکیان لە دایک و ئەوی تریان لە باوکییەوە، کاتێک لەش ناتوانێت بێتا گلۆبین دروست بکات، ئەم جۆرەی تالاسیمیا ڕوودەدات، کە ئەمیش دوو جۆری تری لێ جیا دەبێتەوە ئەوانیش بێتا تالاسیمیای قورس و مامناوەندە. 
  • تالاسیمیای ئەلفا: لە کاتێکدا بۆ دروستکردنی بێتا گڵۆبین لەش پێویستی بەوەیە دوو جینی لە باوانەوە بۆ بمێنێتەوە، بەڵام بۆ ئەلفا گڵۆبین لەش پێویستی بەوەیە ٤ جینی لە باوانەوە بۆ بمێنێتەوە، دوو جین لە باوک و دوو جین لە دایکەوە، کە ئەم جۆرەش دوو جۆری زۆر مەترسیداری هەیە ئەوانیش بریتین لە: ئاوسانی کۆرپەلە و نەخۆشی هیمۆگڵۆبین H. 
  • تالاسیمیای لاوەکی: بەزۆری کەسانی توشبووی تالاسیمیای لاوەکی هیچ نیشانەیەک بەدیار ناخەن، ئەمەش وادەکات کەشفکردنی نەخۆشییەکە قورس بێت، هەروەها جێی ئاماژەیە کە پێویستە دایک و باوک پشکنین ئەنجام بدەن لە ئەگەری ئەوەی یەکێکیان تالاسیمیای هەبێت. 

هۆکارەکانی نەخۆشی تالاسیمیا 

هۆکاری نەخۆشی تالاسیمیا خۆی دەبینێتەوە لە بۆمانەوەی کێشەیەک یان تێکچوونێک لە یەکێک لە جینە هاوبەشەکانی دروستکردنی پڕۆتینی هیمۆگڵۆبین لە باوانەوە، کە ئەم پڕۆتینە کە بەشێکە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەڵدەستێت بە گواستنەوەی ئۆکسجین لە لەشدا، مۆخی ئێسک هەڵدەستێت بە دروستکردنی هیمۆگڵۆبین لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەو ئاسنەی دەستی دەکەوێت لە سیستمی خۆراکی و تێکشکاندنی خڕۆکە سوورە کۆنەکانەوە، لەکاتی توشبوون بە نەخۆشی تالاسیمیا مۆخی ئێسک بڕی پێویستی هیمۆگڵۆبینی دروست و خڕۆکە سوورەکانی خوێن دروست ناکات، هەروەها جۆرەکەی دەگۆڕێت ئەگەر یەکێک لە باوان یان هەردووکیان هەڵگری نەخۆشییەکە بن، چونکە لە حاڵەتی یەکەمدا "یەکێک لە باوان هەڵگر بێت" ڕەنگە منداڵەکە توشی تالاسیمیای لاوەکی بێت، کە تەنها چەند نیشانەیەکی کەم دەردەکەوێت یان هەر دەرناکەوێت، بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا "هەردوو باوان هەڵگر بن" ئەگەری ئەوە هەیە کەسەکە توشی حاڵەتێکی مەترسیدارتری تالاسیمیا بێت. 

دەستنیشانکردنی نەخۆشی تالاسیمیا

دەکرێت بزانرێت کە کەسەکە هەڵگری تالاسیمیایە یان توشبووە لە ڕێگەی پشکنینی خوێن، لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا کەسەکان نازانن کە هەڵگری تالاسیمیان تەنها کاتێک نەبێت کە منداڵێکی توشبوویان دەبێت، بەزۆری منداڵانی توشبووی تالاسیمیا دەستنیشان دەکرێن بە تالاسیمیای سەرەکی یان لاوەکی لەکاتی گەیشتنیان بە دوو ساڵ، لە گرنگترین ئەو پشکنینانەی ئەنجام دەدرێن بۆ دەستنیشانکردنی تالاسیمیا بریتین لە: 

  • پشکنینی پێوانەی ژمارەی تەواوی خوێن(CBC): ئامانجی ئەم پشکنینە پێوانەکردنی ئاست و قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و ئاستی هیمۆگڵۆبینە.
  • پێوانەی ژمارەی خانە تۆڕییەکان(retic count): خانە تۆڕییەکان کۆمەڵێ خانەن کە مۆخی ئێسک دروستیان دەکات، دواتر پەرەدەسەنێت بۆ خڕۆکەی سووری خوێن، لەکاتی پێوانەکردنی ژمارەی ئەم خانانەش، ئەوە نیشانەیە بۆ خێرایی دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
  • ئاسن: ئەویش بۆ زانینی هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هۆکاری کەمخوێنییەکە و کەمی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا، لەم حاڵەتەشدا ئەگەری توشبوون بە تالاسیمیا دەخرێتە لاوە. 
  • تاقیکردنەوە جینییەکان: کە ناوکە ترشی DNA شیدەکرێتەوە ئەگەر کەسەکە توشبووی تالاسیمیا بوو یان جینی تێکچووی هەبوو.
  • تاقیکردنەوەی بەر لە لەدایکبوون: ئەم تاقیکردنەوانە ئەنجامدەدرێن بۆ دیاریکردنی توشبوونی کۆرپەلە بە تالاسیمیا و قورسییەکەی، کە تاقیکردنەوەکان بریتین لە: وەرگرتنی نموونەیەک لە مەمیلەکانی ئاوەڵ(chorionic villi) ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجام دەدرێت بە وەرگرتنی نموونەیەک لە مەمیلەکان لە هەفتەی ١١ ی دووگیانیدا یان وەرگرتنی شلەی سەراو ئەم تاقیکردنەوەیە لە هەفتەی شانزەی دووگیانیدا ئەنجامدەدرێت، لە ڕێگەی وەرگررنی نموونەیەک لە شلەی سەراوی دەوری کۆرپەلەکە.

چارەسەری نەخۆشی تالاسیمیا 

چارەسەری تالاسیمیا پشت دەبەستێت بە جۆر و تووندییەکەی، کە پزیشک چارەسەری گونجاو دیاریدەکات.

چارەسەری تالاسیمیای لاوەکی(سووک)

نیشانەکان سووک دەبن لەم حاڵەتەدا و بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن، دەکرێت توشبووان پێویستیان بە گواستنەوەی خوێن بێت ماوەی جارێک بەتایبەتیش پاش منداڵبوون یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەڵام توشبوانی تالاسیمیای بێتا وێڕای گواستنەوەی خوێن پێویستیان بە چارەسەرە بۆ دەرکردنی ئاسنی زیادەی لەش وەکوو دەرمانی دیفیراسیرۆکس.

چارەسەری تالاسیمیای مامناوەند و قورس

ڕەنگە چارەسەری تالاسیمیای قورس پێویستی بە گواستنەوەی خوێنی بەردەوام بێت، بە نزیکەیی هەموو چەند هەفتە جارێک، بەڵام ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاسن لە جەستەدا، بۆیە پێویستی بە وەرگرتنی دەرمانە لە پێناوی دەرکردنی ئاسنی زیادەی لەش، لە هەندێک حاڵەتیشدا وەکوو منداڵانی توشبوو بە تالاسیمیای قورس هەر لە کاتی لەدایکبوونەوە، چاندنەوەی مۆخی ئێسک هەڵبژاردەی دروستە و ڕەنگە نەخۆشەکە ڕزگار بکات لە گواستنەوەی خوێن بە درێژایی ژیانی. 


سەرچاوەکان



6339 بینین